که‌بودوه‌ند: بوونی هه‌ندێک رێکخراو له‌مه‌نفا بۆته بیانوو بۆ رووبه‌ڕوبونه‌وه له‌گه‌ڵ چالاکڤانانه سه‌ربه‌خۆه‌کان
که‌بودوه‌ند: بوونی هه‌ندێک رێکخراو له‌مه‌نفا بۆته بیانوو بۆ رووبه‌ڕوبونه‌وه له‌گه‌ڵ چالاکڤانانه سه‌ربه‌خۆه‌کان
سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان
(RMMK) رۆژی 9ی نیسانی ساڵی 2005 له‌ئه‌نجامی هه‌وڵه‌کانی محه‌ممه‌د سه‌دیقی که‌بودوه‌ند له‌کوردستانی ئێران دامه‌زراوه و ناوه‌نده سه‌ره‌کییه‌که‌ی له‌تارانی پایته‌ختی ئێرانه. ئه‌م رێکخراوه، وه‌ک که‌بودوه‌ند باسی ده‌کات رێکخراوێکی مه‌ده‌نی و ناسیاسییه و له‌پێناو دابینکردن و سه‌قامگیرکردنی مافه بنه‌ڕه‌تیی و ئازادییه سه‌ره‌تایی و مرۆییه‌کان له‌کوردستان و ئێران‌دا تێده‌کۆشێت.
ناوه‌ڕۆکی چالاکیی و ئامانجه‌کانی ئه‌م ده‌زگایه هه‌روه‌ک له‌ماده‌ی (3)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی رێکخراوه‌که دا ئاماژه‌ی پێکراوه برییتییه له‌پاراستن و رێزگرتن له‌مافه بنه‌ڕه‌تیی و ئازادییه سه‌ره‌کییه‌کان که لهجاڕی گه‌ردونی مافی مرۆڤ و په‌یماننامه و کنوانسیۆنه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا پێناسه‌یان بۆ کراوه، هه‌وڵده‌دات بۆ به‌ڕێوه‌بردن و پاراستنی بێمه‌رجی مافی مرۆڤ، راهێنان، په‌ره‌پێدان و هاندان بۆ رێزگرتن له‌مافه‌کانی مرۆڤ، پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌کان و هاوکاریی دۆستانه له‌نێوان گه‌لانی ئێران له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌کسانی ماف. جگه له‌مانه‌ش تێده‌کۆشێت له‌پیناو نه‌هێشتنی هه‌ڵاواردن و پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه و رێزگرتن له‌مافی ئۆتۆنۆمی و مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران.
رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان له‌ماوه‌ی دوو ساڵ چالاکیی خۆیدا، سه‌دان راپۆرت و هه‌واڵی سه‌باره‌ت به‌پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ له‌کوردستاندا بڵاو کردۆته‌وه که به‌گوێره‌ی ئه‌م راپۆرت و هه‌واڵانه، ده‌ستگیرکردنی هه‌زاران که‌س، دادگایی و زیندانیکردنی سه‌دان که‌س، له‌سێداره‌دان و کوشتنی ده‌یان که‌س و هه‌روه‌ها خۆکوشتن و خۆسوتاندن خراوه‌ته به‌رده‌م رای گشتی.
محه‌مه‌د سه‌دیق که‌بودوه‌ند سه‌رۆک و وته‌بێژی رێکخراوه‌که له‌م دیمانه‌یه‌دا ده‌ڵێت هه‌وڵده‌ده‌ین له‌پێناو نه‌هێشتنی حوکمی ئیعدام و ره‌جمکردنی تاوانباران، نه‌هێشتنی حوکمی له‌سێداره‌دان و ئازادکردنی زیندانییه سیاسیه‌کان و له‌م پێناوه‌دا له‌گه‌ڵ چه‌ندین رێکخراوی تری مافی مرۆڤ له‌ئێران هاوکاریمان هه‌بوه و که‌مپینی هاوبه‌شمان به‌ڕێوه بردوه.
دوایین بانگه‌وازی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان راگه‌یاندنی سێ رۆژ، مانگرتنی سیاسی بوو له‌کوردستان له‌رۆژانی 18، 19 و 20ی ژانوییه‌ی ئه‌مساڵدا وه‌ک کاردانه‌وه‌یه‌ک له‌به‌رامبه‌ر پێشێلکارییه به‌رفراوانه‌کانی مافی مرۆڤ له‌کوردستان که له‌لایه‌ن خه‌ڵکی کوردستان و به‌تایبه‌ت خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ و ئه‌حزاب و رێکخراوه سیاسییه‌کانی کورد له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه پێشوازی لێ‌کرا.
ئه‌ندامانی ئه‌م رێکخراوه‌یه که ژماره‌یان سه‌دان که‌س تێپه‌ڕ ده‌کات به‌شێوه‌یه‌کی خۆبه‌خش کار ده‌که‌ن و سه‌رجه‌م گروپ و کۆمیته‌کانیش له‌ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی سه‌رۆکی گشتی رێکخراوه‌دا، به‌ڕێوه ده‌برێن.
محه‌ممه‌د سه‌دیق که‌بودوه‌ند خاوه‌ن ئیمتیاز، به‌ڕێوه‌به‌ر و سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی “په‌یامی مردم”ه. ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ی دوای 13 ژماره و له‌ئه‌نجامی سکاڵایه‌کی وه‌زاره‌تی ئیتڵاعات راوه‌ستێنرا.
*دوو ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستاندا تێده‌په‌ڕێ، ئایا بۆچونێکی تایبه‌تتان هه‌یه له‌مباره‌وه؟
که‌بودوه‌ند: رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان له‌ماوه‌ی دوو ساڵ چالاکی خۆیدا، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئاسته‌نگییه‌کان، وێڕای نه‌بوونی ئیمکانات و گیروگرفتی ئه‌منی و سیاسی له‌ناوچه‌که‌دا، توانی که‌شوهه‌وای ترس و بێده‌نگی و بایکۆت کراوی کوردستان بشکێنێت و له‌زۆر بواره‌وه تابۆکان تێک بشکێنێت. له‌ئه‌نجامی هه‌وڵدانی له‌راده‌به‌ده‌ری ئه‌م رێکخراوه ئه‌مڕۆکه گوتاری مافی مرۆڤ بۆته گوتارێکی رۆژانه، ته‌نانه‌ت وایلێهاتوه که زۆر له‌گروپه سیاسیه‌کانیش روویان له‌چالاکییه‌کانی مافی مرۆڤ کردوه، هه‌رچه‌ند له‌وانه‌یه ئه‌م مه‌یله رواڵهتییهی ئه‌وان تا ڕاده‌یه‌ک قۆستنه‌وه‌ی هه‌ل و ده‌رفه‌ت بێت به‌ڵام له‌درێژخایه‌ندا یارمه‌تیده‌ره بۆ چاکسازی له‌فه‌رهه‌نگی مافی مرۆڤدا.
*ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر حوکمی زیندانیکردنی ئێوهدرا، ئه‌م حوکمه ئێستا له‌چ قۆناغێکدایه و ئه‌و که‌مپینانه‌ی له‌پێناو هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حوکمه‌که به‌ڕێوه ده‌چن، چ کاریگه‌رییه‌کی له‌سه‌ر ئه‌نجامی حوکمه‌که هه‌بوه؟
که‌بودوه‌ند: حوکمی زیندان دوو ساڵه دراوه. ئه‌ویش به‌شێوه‌یه‌ک که له‌دادگایه‌کی هه‌رێمیدا ساڵێک له‌زینداندا بمێنمه‌وه، 5 ساڵ لهرۆژنامهوانی دوور بخرێمه‌وه و مافی خاوه‌ن ئیمتیازی و به‌ڕێوه‌به‌ر و سه‌رنووسه‌ری هه‌فته‌نامه‌ی پیام مردمم لێسه‌ندرایه‌وه و ئه‌م حوکمه ساڵی رابردوو له‌دادگای پێداچوونه‌وه‌ی پارێزگای کوردستان دووباره کرایه‌وه و به‌توندی ته‌ئکیدی له‌سه‌ر کرایه‌وه. به‌ڵام حوکمه‌که له‌حاڵه‌تی هه‌ڵپه‌سێراوی بوو به‌حه‌پسی تعریزی. له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا هه‌ندێک لهچالاکڤانانی کورد له‌وانه 160 نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس و چالاکڤانی مه‌ده‌نی و سیاسی ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕی و ده‌سته‌ی باڵای رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان داوای پوچهڵبونهوهی حوکمه‌که‌ی کرد. سێ پارێزه‌ری منیش سه‌ریان له‌دیوانی باڵای ئێران‌دا به‌مه‌به‌ستی ناڕه‌زایی ده‌ربڕین.
*له‌م دواییانه‌دا چه‌ندین رۆژنامه‌نوس ده‌ستگیر کران و ئێستا ژماره‌یه‌کیان له‌زیندان دان، ئایا ئه‌م جۆره هه‌ڵسوکه‌وتانه سنوردارکردنی ئازادی راگه‌یاندن نییه. به‌بۆچونی ئێوه ئه‌م کارانه ده‌توانێ خولێکی نوێ بێت سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوسان؟
که‌بودوه‌ند: ئێستاکه له‌و 6 ــ 7 بڵاوکراوه کوردییه، 5 گۆڤار و رۆژنامه هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنیان لێده‌کرێت. نزیکه‌ی بیست رۆژنامه‌نوسی کورد دۆسیه‌ی یاساییان هه‌یه: له‌وانه 7 رۆژنامه‌نوس و نوسه‌ر که له‌رۆژنامه‌ی په‌یامی مردم دا کاریان ده‌کرد، 4 ئه‌ندامی رۆژنامه‌ی ئاسۆ، 3 رۆژنامه‌نوسی رۆژهه‌ڵات، 2 رۆژنامه‌نوسی ئاشتی و چه‌ند که‌سی تریش له‌هه‌فته‌نامه‌ی که‌ره‌فتو و په‌یامی کوردستان رێگایان که‌وتۆته دادگا و ده‌زگا ئه‌منییه‌کان. ئێستا دوو رۆژنامه‌نوس و نوسه‌ر له‌سنه و مه‌ریوان له‌زینداندان. پێویسته بڵێین ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وتانه‌ی دوایی، هه‌نگاوی تازه‌ی ده‌زگا ئه‌منی و سیاسییه‌کان نییه، به‌ڵکو ئه‌مه به‌رنامه‌ی چه‌ندین ساڵه‌یه ئه‌م ده‌زگایانه‌یه. ئه‌وه‌نده هه‌یه که له‌سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دی نه‌ژاددا زیاتر په‌ره‌ی سه‌ندوه و هه‌ڵبه‌ت پێویسته ئاماژه به‌وه‌ش بکه‌ین که ئه‌م جۆره هه‌ڵسوکه‌وتانه له‌ئاستێکی به‌رفراوان و له‌هه‌موو ئێران‌دا په‌یڕه‌و ده‌کرێت، به‌ڵام حه‌ساسیه‌ت و دژوارییه‌کی زیاتر سه‌باره‌ت به‌کاری رۆژنامه‌نوسان هه‌یه له‌کوردستان و گومانی تیا نییه که ئه‌مه‌ش لهههستیاریی ئه‌وان سه‌باره‌ت به‌کێشه نه‌ته‌وه‌یی و مافه‌کانی گه‌لی کورد سه‌رچاوه ده‌گرێت.
*رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان له‌و رێکخراوانهیه که له‌ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا زۆرتر له‌رێکخراوه‌کانی تر له‌ژێر فشاری به‌رپرسه حکومییه‌کاندا بوو، هۆکار چییه؟
که‌بودوه‌ند: ئه‌وه‌ی راستی بێت، رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان وه‌ک رێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆ، داکۆکیکارێکی راسته‌قینه و ده‌زگایه‌کی راستگۆ و جدی پێی ناوه‌ته مه‌یدان. ئه‌م رێکخراوه به‌ته‌واوی دژی توند و تیژی و لادان و گه‌وره‌کردنه‌وه‌ی بێهوده و گه‌مه‌ی سیاسییه. ئه‌م رێکخراوه غه‌یره سیاسییه و له‌هه‌مانکاتدا زۆر جدی مافی مرۆڤ، مافی هاوڵاتی و مافی گه‌لی کورد له‌ئێران ده‌شۆپێنێ. ئه‌م رێکخراوه هیچ چه‌شنه بیانویه‌ک و ئامرازێکی سه‌رکوتکردن ناداته ده‌ست سه‌رکوتکه‌ران، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا بوونی هه‌ندێک رێکخراو و حزب له‌تاراوگه بۆته هه‌نجه‌تێک بۆ رووبه‌ڕوبونه‌وه له‌گه‌ڵ چالاکڤانانی سه‌ربه‌خۆ و به‌تایبه‌ت هه‌ندێک له‌ئه‌ندامانی ئه‌م رێکخراوه سه‌ربه‌خۆیه. له‌ماوه‌ی ساڵی رابردوودا لانیکه‌م 7 ئه‌ندامی رێکخراوه‌که‌مان به‌بیانووی پڕوپاگه‌نده دژی سیسته‌م، وتوێژ له‌گه‌ڵ میدیاکانی دژ به‌ده‌وڵه‌تی ئێران، په‌یوه‌ندیی سیاسی، هاندانی ژنان و پیاوان بۆ ناره‌زایه‌تی مه‌ده‌نی و سه‌رهه‌ڵدان ده‌ستگیر و زیندانی کراون. ئێستا دوو ئه‌ندامی رێکخراوه‌که‌مان هه‌ر وا له‌زیندان دان و لانیکه‌م 13 ئه‌ندامی تر دۆسیه‌یان هه‌یه. ئێمه هۆکاری ئه‌م هه‌موو گوشارانه ده‌گه‌ڕێنینه‌وه بۆ هه‌وڵی به‌رده‌وام و جدی و بوێرانه‌ی ئه‌ندامانمان.
*شێواندنی رای گشتی و دروستکردنی جیاخوازی له‌و بانگه‌شانه بوون که ئێوه‌یان پێ تاوانبار کرا. به‌بڕوای ئێوه کۆماری ئیسلامی ئێران دوای هاتنه سه‌ر کاری ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد شێوازێکی رادیکاڵتری نه‌گرتۆته به‌ر، شێواندنی رای گشتی له‌روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه چ واتایه‌کی هه‌یه؟
که‌بودوه‌ند: وایه، یه‌کێک له تاوانه‌کانم شێواندنی رای گشتی و دروستکردنی جیاوازیی له‌نێوان چین و توێژه‌کانی ئێران له‌رێگه‌ی هێنانه ئارای کێشه نه‌ته‌وه‌یی و داخوازییه ئه‌تنیکی و نه‌ته‌وه‌یی و ره‌گه‌زییه‌کان بوو که مه‌به‌ستم هێنانه ئارای مافی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کورده که ئه‌و کاتانه ئێمه لهبڵاوکراوهکهماندا مه‌سه‌له‌ی مافی مرۆڤمان باس ده‌کرد و هه‌روه‌ها باسی مافی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کوردمان ده‌کرد. ئه‌وان ئه‌گه‌رچی رۆژنامه‌که‌یان پێ داخستین، به‌ڵام ئێمه بێده‌نگ نه‌بووین و رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان‌مان دامه‌زراند. سه‌باره‌ت به‌سه‌رکوتی ئازادییه کۆمه‌ڵایه‌تی، مه‌ده‌نی و سیاسییه‌کان پێویسته بڵێم ده‌وڵه‌تی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد سه‌ره‌ڕای فشاره نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، په‌ره‌ی به‌فشار و سه‌رکوتی خه‌ڵک له‌ناوخۆ، سنوردارکردنی ئازادییه کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نیی و سیاسییه‌کان داوه. ده‌وڵه‌تی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد به‌رهه‌می هاوبه‌شی هێزه ملیتاریست و تئۆگراته رادیکاڵهکانه که خوازیاری دژایه‌تی ئه‌ندێشه‌ی دیموکراسی‌خوازی و مافی مرۆڤن و ناکرێ له‌مه زیاتر چاوه‌ڕوانیان لێ بکه‌یت. سه‌باره‌ت به‌بیرۆکه‌ی جیاخوازیش له‌روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه پێویسته بڵێم مه‌به‌ستیان باسکردنه له‌هه‌ر جۆره مه‌سه‌له‌یه‌ک که په‌یوه‌ندیی به‌بارودۆخ، چاره‌نوس، ماف، داخوازیی، که‌لتوور و زمانی که‌مینه ئه‌تنیکیه‌کان، نه‌ته‌وه ده‌توانێ جیاخوازی بێت و ببێته سه‌رچاوه‌ی بیری جیاخوازیی.
*بارودۆخی دۆسیه‌که‌تان به‌کوێ گه‌یشت و به‌بڕوای ئێوه ئه‌نجامه‌که‌ی چی ده‌بێت؟
که‌بودوه‌ند: دۆسیه‌ی “په‌یامی مردم” له‌دیوانی باڵای وڵاته و هه‌ندێک باس هه‌یه سه‌باره‌ت بهپهژراندن و دواخستنی که به‌م زوانه زانیاریی زیاترمان ده‌ست ده‌که‌وێت و له‌کاتی خۆشی‌دا رایانده‌گه‌یه‌نین. هه‌ر له‌مباره‌وه به‌مدواییانه 3 که‌س له‌ده‌سته‌ی نوسه‌رانی پیام مردم: خاتو تۆنیا که‌بودوه‌ند، ئیجلال قه‌وامی و کاوه حسێن په‌ناهی و 2 که‌سی تر له‌نوسه‌رانی ئه‌و رۆژنامه‌یه به‌ناوه‌کانی جه‌مشید وه‌زیری و ئیره‌ج عیبادی دادگایی کران که دیاره تۆنیا که‌بودوه‌ند سه‌رۆکی به‌شی ژنانی پیامی مردم که به‌بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌تی چه‌واشه‌کارانه تۆمه‌تبار کرا، له‌م دادگایه‌دا به‌شداری نه‌کرد.
*له‌م دواییانه‌دا پاش ده‌ستگیرکردنی 3 رۆژنامه‌نوسی رۆژهه‌ڵات، 4 رۆژنامه‌نوسی تریش دادگایی کران. تاوانه‌کانیان چی بوو و هه‌ڵوێستی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان تا ئێستا چۆن بوه؟
که‌بودوه‌ند: 3 رۆژنامه‌نوسه‌که‌ی رۆژهه‌ڵات هێشتا دادگایی نه‌کراون و ئێستا به‌وه‌کاله‌ت ئازاد کراون و له‌وانه‌یه به‌مزوانه دادگایی بکرێن و 4 که‌سی تریش له‌هه‌فته‌نامه‌ی ئاسۆ دوای چه‌ند جار دواخستنی دادگاییه‌که‌یان، تا ئێستا دادگایی نه‌کراون. ئه‌و تاوانه‌ی دراوه‌ته پاڵ سه‌رجه‌م رۆژنامه‌نوسه‌کان، تاوانێکی گشتییه له‌ژێر ناوی شێواندنی رای گشتی و پروپاگه‌نده که بێگومان رۆژنامه‌نوسانی ناوچه کوردنشینه‌کان به‌گشتی تاوانه‌که‌یان به‌ده‌وری کێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کورددا ده‌سوڕێته‌وه. هه‌ڵوێستی رێکخراوه‌که‌مان له‌به‌رامبه‌ر پێشێلکارییه‌کانی ئازادی راده‌ربڕین زۆر رون و ئاشکرایه. رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان چه‌ندین جار مه‌سه‌له‌ی پێشێلکردنی ئازادی راده‌ربڕین و شێوازی هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوسانی مه‌حکوم کردوه و خوازیاریی کۆتایی هێنانه به گرتن و زیندانی کردنی رۆژنامه‌نوسان و هه‌روه‌ها داخستنی رۆژنامه‌کان.
*هه‌ڵسوکه‌وتی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌گه‌ڵ ئێوه که سه‌رۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانن، چۆنه، ئایا تا ئێستا رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه یاخود گوشارێکی تایبه‌ت له‌مباره‌وه نه‌بوونه‌ته‌وه؟
که‌بودوه‌ند: ئه‌گه‌ر زۆر گه‌شبینانه له‌مه‌سه‌له‌که نه‌ڕوانم، تا ئێستا کۆماری ئیسلامی هه‌وڵیداوه ته‌نها ته‌حه‌مولمان بکات و تا ئه‌م کاتژمێره‌ش هه‌وڵی داوه رووبه‌ڕوومان نه‌بێته‌وه. به‌هه‌ر حاڵ سیاسه‌ت و پلانی حکومه‌ت له‌مباره‌وه به‌ته‌واوه‌تی ئاشکرا نییه، پێموایه هه‌ر چه‌نده من حوکمی زیندانیم هه‌یه لهپێداچونهوهی دادگا و وێڕای هاتنی مه‌ئموره‌کانی ده‌زگای ئه‌منی بۆ ماڵمان له‌غیابی مندا، له‌وانه‌یه له‌به‌ر چه‌ندین هۆی نادیار تا ئێستا منیان ده‌ستگیر نه‌کردبێ و له‌وانه‌شه به‌هۆی ئه‌و به‌رپرسیارێتییه بێت که رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستاندا هه‌مه.
*هه‌روه‌ک ده‌زانین، رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ له‌ئێران ده‌خاته به‌رده‌م رای گشتی و له‌هه‌ندێک کاتیش‌دا سه‌باره‌ت بهرووداوهکان به‌یاننامه بڵاو ده‌کاته‌وه. ئایا ئێوه سه‌باره‌ت بهزیندانییه سیاسییه‌کان و به‌تایبه‌ت که ئێستاش تاوانی سیاسی له‌ئێران به‌ره‌سمی دانی پێدا نه‌نراوه، چۆنه؟
که‌بودوه‌ند: به‌داخه‌وه له‌ئێران به‌گوێره‌ی یاسا فه‌رمییه‌کان، زیندانییهکمان نییه به‌ناوی زیندانی سیاسی، به‌ڵام له‌کرده‌وه‌دا و به‌شێوه‌کی ناره‌سمی ئه‌مه دانی پێدانراوه و بهزیندانیه سیاسی و حزبیه‌کان و ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ژێرناوی شێواندنی رای گشتی که مه‌به‌ستیان زیاتر رۆژنامه‌نوسان و چالاکڤانانی مافی مرۆڤه و زیندانییه ئه‌منییه‌کان که به‌گشتی که‌سانی سه‌ر بهحزبهکانن، نێو ده‌برێت. دیاره ئێستا پۆلێنبه‌ندی و جیاکردنه‌وه له‌روانگه‌ی تاوانی سیاسی و ناسیاسی له‌زیندانه‌کانی ئێمه‌دا ئه‌نجام نه‌دراوه و زیندانه سیاسیه‌کان له‌پاڵ زیندانییه‌کانی تر به‌تاوانی جۆراوجۆر و هه‌ندێک جار مه‌ترسیداردان. خاڵێک که پێویسته ئاماژه‌ی پێ بکرێت، ئه‌وه‌یه که کورده‌کان زیاتر زیندانی سیاسی‌یان هه‌یه له‌ئێراندا.
*ئێوه وه‌ک چالاکڤانێکی مافی مرۆڤ، ئاسۆی NGOکان و به‌تایبه‌ت رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان چۆن ده‌بینن؟
که‌بودوه‌ند: بوونی NGOکان و رێکخراوه ناده‌وڵه‌تییه‌کان له‌کوردستان وێڕای ئه‌م هه‌موو سنور و زه‌خته ئه‌منیانه‌یه. دیاره حزووری هه‌ندێک له‌و رێکخراوانه وه‌ک رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان به‌هۆی ئه‌و ریسکه‌ی له‌لایه‌ن به‌رپرسان و ئهندامانییهوه له‌به‌ر چاو گیراوه، له‌چاو ئه‌وانی تر کاریگه‌رییه‌کی زیاتری هه‌یه. ئه‌گه‌رچی که‌سانی هه‌لپه‌رست و ته‌سکبین و هه‌ندێک له‌گروپه سیاسیه‌کان هه‌وڵده‌ده‌ن فه‌زاکه سیاسی بکه‌ن و که‌ڵکی سیاسی و حزبی لێ وه‌ربگرن و ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیان رویان کردۆته دروستکردنی ده‌زگای په‌راوێز و ئه‌ڵته‌رناتیڤی ئێمه و دیاره ئه‌مانه‌ش هه‌مووی ده‌رئه‌نجامی به‌شداری بوێرانه‌ی رێکخراوه‌که‌مانه له‌مه‌یدانه‌که‌دا. ئێمه هیوادارین گروپه سیاسییه‌کان درکێکی راستتر و لۆژیکانه، فزای چالاکییه مه‌ده‌نیه‌کان وێران نه‌که‌ن.
*سه‌باره‌ت به‌و فشار و هه‌ڕه‌شانه‌ی دژی رێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کان له‌ئێران به‌گشتی و له‌کوردستان به‌تایبه‌تی هه‌یه، چۆن ده‌کرێ سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌موو فشارانه زیاتر ده‌نگیان هه‌ڵبڕن؟
که‌بودوه‌ند: ئه‌گه‌ر داموده‌زگاکان و NGOکان هه‌وڵبده‌ن سه‌ربه‌خۆ بن و سه‌ربه‌خۆ بمێننه‌وه و ئه‌گه‌ر فه‌زاکه له‌مه زیاتر حزبی تر و ئایدیۆلۆژی تر نه‌که‌ن و له‌بری شکاندنی یه‌کتری و ته‌ئکیدکردن له‌سه‌ر جیاوازییه‌کان، گرنگی بده‌نه خاڵه هاوبه‌شه‌کانی یه‌کتری و مه‌یدانی خه‌بات به‌رفراوانتر بکه‌ن، بێگومان ده‌توانن حزورێکی پڕکاریگهرتریان هه‌بێت.
*وه‌ک رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان هۆکاری سه‌رکه‌وتنی رێکخراوه‌که‌تان له‌چیدا ده‌بینن؟ ئایا توانیوتانه سه‌ربه‌خۆیی خۆتان بپارێزن و ته‌سلیمی هیچکه‌س نه‌بن؟
که‌بودوه‌ند: ئێمه هه‌رچه‌ند ئیمکان و ده‌رفه‌تی پێویستمان له‌به‌ر ده‌ستدا نییه و له‌پێناو زانیاریی گه‌یاندندا کۆسپێکی زۆرمان دێته ڕێ، هه‌ر چه‌نده میدیاکان به‌شێوه‌یه‌کی هه‌ڵبژارده یان هه‌ندێکیان بهچهواشهکردن یاخود بێ ئاماژه‌دان به‌سه‌رچاوه راپۆرته‌کانی ئێمه بڵاو ده‌که‌نه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا تا راده‌یه‌ک رازین له‌کاره‌کانی رێکخراوه‌که و ده‌بێ ئه‌و بارودۆخه ناله‌باره ئهمنیهشمان له‌بیر نه‌چێت. به‌ڵام هێشتا پێموایه له‌سه‌ره‌تای رێگه داین و پێویسته هه‌وڵه‌کانمان دوو ئه‌وه‌نده زیاتر بکه‌ین و هه‌ڵبه‌ت باجی ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ش بده‌ین. رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، رێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆیه و خۆی وابه‌سته‌ی هیچ که‌س، گروپ، حزب یان ده‌وڵه‌تێک نازانێت. تا ئێستا رێکخراوه‌که‌مان له‌هیچ بوارێکه‌وه درێغی نه‌کردوه و ته‌سلیمی هیچ هێزێکیش نه‌بوه.
Posted on May 20, 2007, in Kurdish and tagged که‌بودوه‌ند. Bookmark the permalink. Leave a comment.
Leave a comment
Comments 0