ژیانی کەبوودوەند لە مەترسیدایە
ژیانی کەبوودوەند لە مەترسیدایە!
بەیاننامەی ژمارە ٤ :
کەبوودوەند ٤٦ رۆژە مانی لە خواردن گرتووەو لە خواردنی هەر چەشنە خواردەمەنی و وەرگرتنی دەرمانی پێویستی پزشکی دووریی کردووە.
کەبوودوەند بە قامک دانان لە سەر کەمترین مافی یاسایی بەندکراوانی کورد، واتە مافی ” مەرەخەستی لە زیندان “، پاش تێپەڕبوونی ١|٢ ماوەی زیندانە بەسەردا داسەپاوەکەی (٥ ساڵ)، خوازیاری چاوپێکەوتن و پێڕاگەیشتن بە نەخۆشیی منداڵەکەیە.
کەبوودوەند پاش نووسینی لانیکەم ١٠ نامەی داواکاریی مەرەخەستی بۆ چارەسەری پزشکی خۆی و هەروەها چاوپێکەوتنی منداڵە نەخۆشەکەی “پژمان”؛ لە ٦ی جۆزەردانەوە مانی لە خواردن گرتووە. بە هۆی ئەم مانگرتنە درێژخایەنەوە، ماوەی دوو حەوتوویە کە گۆرچیلەکانیشی چڵکی کردووە و چەندین جار رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
تا ئێستاکە کەبوودوەند لە قبووڵکردنی راسپاردەی پزشکەکانی نەخۆشخانەو وەرگرتنی سۆرمی خوراکی دووریی کردووە.
کەمپێن و بنەماڵەی کەبوودوەند لە حەوتووی رابردووەوە داوایان لە بەرێزیان کردووە کە مانگرتنەکەی رابگرێت. لەم راستایەدا؛ تەنانەت ” پژمان”یش ئامادە بوو وێڕای دۆخی نالەباری تەندروستیی رۆژی ” دووشەممە ” بچێتە گرتووخانەو داوا لە باوکی بکات کە کۆتایی بە مانگرتنەکەی بێنێ. بەڵام رەوشی جەستەیی پژمان بە هۆی قەیرانی بوونەوە، مۆڵەت و ئیمکانی رۆیشتنی پێنەداوە.
پەریناز حەسەنی پاش چاوپێکەوتنی دوێنیی کەبوودوەند لە بەندیخانەی ئێڤین، دۆخی هاوژینی خۆیی زۆر مەترسیدار باس کرد و گوتی:” چاوەکانی کەبوودوەند کەوتۆتە چاڵا و بە توندی تووشی لاوازیی جەستەیی بۆتەوە”.
پشتیوانیی هەمەلایەنەی ناوەندەکان، چالاکڤانانی مەدەنی و سیاسی کورد و هاودەنگیی کۆمەڵە ئیرانییەکانی چالاک لە بواری مافەکانی مرۆڤ، لەم ماوەیەدا بەرچاوو بەرین بووە. داکۆکیکردن لە خواستەکانی محەمەد سدیق کەبوودوەند، چ لە نێوخۆو چ لە دەرەوەی کوردستان، لە لایەکەوە دەرخەری گرینگیی دامەزرێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە لای خەڵکی ئەمەگناسە و لە سۆنگەیەکی دیکەوەش، هەوڵێکە لە پێناو ئاشکراکردنی هەڵاواردنی سیستماتیک و گوشاری چەند قاتی بۆ سەر زیندانیانی کورد لە نێو گرتووخانەکانی ئێراندا.
کەمپەینی پشتگیری لە کەبوودوەند؛ جارێکی دیکەش وێڕای جەختکردنەوە لە سەر داخوازییەکانی کەبوودوەند بۆ چاوپێکەوتنی منداڵەکەی و هەروەها مافی بەهرەمەندبوون لە مەرەخەستیی زیندان کە کەمترین داواکاریی زیندانییەکی سیاسی و مافێکی یاساییە؛ لە هەموو کەس و کەسایەتییەکان، کۆڕو کۆمەڵە مەدەنی و مافە مرۆڤییەکان، داوا دەکات کە لە رێگەی بەدواداچوونی خواستەکانی کەبوودوەند و هاودەنگی لە گەڵ بەرێزیاندا، هەڵسوکەوتی نایاسایی بەرپرسانی ئەمنییەتی و دادوەریی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر دامەزرێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان و زیندانیە سیاسییەکانی دیکەی کورددا شەرمەزار بکەن.
کەمپێنی پشتگیری لە کەبوودوەند، ٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩١ی هەتاوی
Posted on July 20, 2012, in Kurdish and tagged Iranian ethnicity, KACDHI, ژیانی, کەبوودوەند. Bookmark the permalink. Leave a comment.
Leave a comment
Comments 0