بێهزاد خۆشحاڵی نووسەر، ڕۆشنبیر و چالاکوانی ڕۆژهەڵاتی لە گرتووخانەی ئاسایشی شاری سلێمانی مانگرتن لە خواردن دەسپێدەکا
بێهزاد خۆشحاڵی مانگرتن لە خواردن دەسپێدەکا
٧ ئه يارى٢٠١٤

rozhname.net
“رۆژانی یەكەم بە ئەزیەت و ئازار دەیانەویست دان بە تاوانێكی نەكردوودا بنێم و بۆ ئەو مەبەستەش هەڕەشەی ناردنەوە بۆ ئێرانیان لێ کردم.”
بێهزاد خۆشحاڵی نووسەر، ڕۆشنبیر و چالاکوانی ڕۆژهەڵاتی نیشتەجێی باشووری کوردستان، ئەمڕۆ لە ڕێگای نامەیەکەوە کە لە گرتووخانەی کاتی ئاسایشی شاری سلێمانی نووسییەتی کە لە ڕوژانی داهاتوودا مانگرتن لە خواردن دەسپێدەکا.
ناوبراو ڕایگەیاند ئەم مانگرتنە بە هۆی جێبەجێ نەبوونی داخوازیە ڕەواکانی کە لەلایەن کاربەدەستانی ئاسایشی سلێمانی، سەبارەت بە درێژەپێدانی قۆڵبەست بوونی لە گرتووخانەی ئەم شارەدا، لە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٨ مارچی 2014 زایینیەوە بۆ پێشگرتن بەم ڕەوتە گۆماناویە دەسپێدەکا.
پێشتر ڕۆشنبیران و نووسەرانی هاوکاری بێهزاد خۆشحاڵی لە ڕێگای نووسین و وتووێژ ڕایانگەیاندبوو کە ئەم کارە نەشیاوەی کاربەدەستانی ئاسایشی سلێمانی؛ زۆر گوماناویە و زۆرتر لە پیلانێک دەکا کە بۆ تیرۆری کەسایەتی چالاکانی ڕۆژهەڵاتی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە داڕێژراوە.
ئەم نامەیەی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦ مانگی مارچی ٢٠١٤ زایینى لەلایەن بێهزاد خۆشحاڵی نووسەر و چالاکی سیاسی و مەدەنی ڕۆژهەڵاتی، بۆ کەمپەینی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی بەڕێکراوە کە لەدرێژەی ئەم هەواڵەدا دەقاودەق ئەیخوێنینەوە.
«هەر وەک ئاگەدارن، ماوەی زیاتر لە ٤٠ شەوە لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە بە كۆمەڵێك تاوانی بێبنەما دەستبەسەر كراوم.
ئەمە لە حالێکدایە کە بەداخەوە لەم ماوەیەدا، ئاسایش بە هەڵسووکەوتی نەگونجاو و نابەرپرسانەو… دەربارەى ئەم كەیسە، کۆتایی زۆریان هەبووە بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتەکە. لەم ماوەیەدا لەژێر چاودێری تایبەتیی ئەمنی و نایاساییدا بووم.
بۆیە سەرەڕای سپاس و پێزانین بۆ ئەو دۆستانە کە پشتگیریان کردووە و لوتفیان هەبووە، بە هۆی ئەم چەن خاڵەی خوارەوە لە ڕێکەوتی ٨ مارچی 2014 زایینیەوە بۆ پێشگرتن بەم ڕەوتە گۆماناویە، مانگرتنی خۆم لەخواردن ڕادەگەیێنم.
– داخوازیەکانم بۆ ڕوونکردنەوەی ڕووداوەکە تا ئێستا لە پشتگوێ خراوە و گێچەڵیان خستووەتە ڕەوتی یاسایی پەروەندەکە.
– هەموو تاوانبارانی گرتووخانەی سلێمانی، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ هاوڕێیان و بنەماڵەیان هەیە، ئەمە لەحاڵێكدایە بەرپرسانی ئاسایش ڕێگەی هەر شێوە ئاگەداری، چاوپێکەوتن و پەیگیری سەربەخۆی کارەکەمیان گرتووە. بە چەندین چاودێر لە ژوورێکی جیاوازدا ڕێگە نادەن بێجگە لە ئەحواڵپرسین باسیتر بکەین و دەڵێن بۆتان نییە پرسیار بکەن یان جواب بدەنەوە.
– بە هۆی ئەوەی کە داوای پارێزەرم کردووە، پێنج ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ڕایان گرتم و بۆ چەندین سەعات لە ژێر بەفردا وەستانمیان و بێڕێزیان پێكردم.
– ڕێگەیان نەداوە پێداویستیە سەرەتاییەکانیشم بۆ بێنن و ئیزنیان نەداوە دەفتەر و قەڵەمیشم بگاتە دەست.
– لەکاتێکدا کە فەحسی خوێنم لێ نەگیریاوە، لاپەڕەی جوابی فەحسێک خراوەتە پاڵم کە ئەوەش هەڵەی پزیشكی تیدایەو چەندین مادەی جۆراوجۆری تێدایە کە بە وتەی دوکتۆر و پزیشکیی، ڕووداوێکی بێوێنەیەو هیچ مرۆڤێک ناتوانێ هاوکات ئەو مادە جۆراوجۆرانە بە کار بێنێت و ژیان بباتە سەر. هاوکات داواکاری فەحسم، زیاتر لەیەک مانگە جوابی وەرنەگرتووە.
– رۆژانی یەكەم بە ئەزیەت و ئازار دەیانەویست دان بە تاوانێكی نەكردوودا بنێم و بۆ ئەو مەبەستەش هەڕەشەی ناردنەوە بۆ ئێرانیان لێ کردم.
– ئیزنیان نەداوە پارێزەر و هاوڕێیانم بە شوێن پەروەندەكەم بكەون. بۆیە جیاواز لەو تاوانە وا بەسەرما سەپاوە و دوارۆژ ڕوون دەبێتەوە، و بە نیشانەی ناڕەزایی دەربڕین و پێشگرتن بەم:
– ئاڵۆزی و دەستێوەردانە جێگەی پرسیارە،
– بێڕێزی بە تاکەکەسەکان لە چوارچیوەی حکوومهتی هەرێمی کوردی،
– سیستهمی مەحکەمەو یاسا و تێڕوانینی دوور لە عەقڵ و هەڵسووکەوتی نەشیاویان، تا گەیشتن بە خواستەکانم و کۆتایی هاتن بەم بارودۆخە نامرۆڤانە، بەردەوام دەبم لە مانگرتنم.»
بێهزاد خۆشحاڵی
٦ مارچی ٢٠١٤
Posted on March 7, 2014, in Kurdish and tagged بێهزاد خۆشحاڵی. Bookmark the permalink. Leave a comment.
Leave a comment
Comments 0