ئه‌مریکا و ئێران، کامیان ده‌ستیان له عێراق کورت ده‌کرێته‌وه؟
ئه‌مریکا و ئێران، کامیان ده‌ستیان له عێراق کورت ده‌کرێته‌وه؟
سالا
ر حیسامی
فێوریه ١١، ٢٠١٩ی زایینى
هه ۆلێر- كۆردستان
پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره:(ئه‌مریکا و ئێران کامیان ده‌ستیان له عێراق کورت ده‌کرێته‌وه؟) بده‌ینه‌وه، پێویسته بزانین هه‌ر کام له ده‌وڵه‌تانی ئه‌مریکا و ئێران(نه‌ک له مێژووی دوور، به‌ڵکو له ماوه‌ی دوو سێ ده‌یه‌ی رابردوودا) چ ڕۆڵێکی “ئه‌رێنی و نه‌رێنی”یان له چاره‌نووسی سیاسیی عێراقدا هه‌بووه. پرسێکی وا به‌رچاو، به بێ توێژینه‌وه‌یه‌کی ورد و ئه‌کادیمی، واته به شیکارییه‌کی ساده و ساکاریش ده‌کرێ له چه‌ند خاڵدا ده‌ستنیشان بکه‌ین.
عێراق وڵاتێکی ده‌ستکردی ئیمپڕیاڵ و وڵاتانی زلهێزی جیهانه که له بونیادنانیدا هیچ پرسێکیان به پێکهاته‌کانی ئه‌م جوغرافیا سیاسی(ژیوپۆلیتیک)یه نه‌کردووه. بۆیه له سه‌رده‌می “مه‌لیک فه‌یسه‌ڵ”ه‌وه تا هه‌نووکه نوقمی گێژاوی قه‌یران و ئاژاوه و شه‌ڕ و ماڵوێرانییه.. ئه‌گه‌ر واز له مێژووی دوور بهێنین و بۆ سه‌رباسی ئه‌م نووسینه بگه‌ڕێینه‌وه، ده‌بینین، له دوو سێ ده‌یه‌ی ڕابردوودا هه‌ردوو وڵاتی ئه‌مریکا و ئێران له‌م وڵاته‌دا(عێراق) کاریگه‌رییه‌کی ڕاسته‌وخۆیان بووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا ڕۆڵی ئه‌رێنی و نه‌رێنیشی هه‌بووه، ئه‌وا ئێران جگه له ڕۆڵێکی نه‌رێنی له‌م وڵاته بێ شکۆ و داڕووخاوهدا، هیچ نواندنێکی ئه‌رێنی نه‌بووه..
کۆشکی سپی له سه‌رده‌می سه‌رۆکایه‌تیی “جیمی کارتێر” و کاتی شه‌ڕی سارد و ئه‌و ململانێیه‌ی که له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی‌دا به “جیهانی دوو قوتبی” ناوی هاتووه، به قومارێکی دۆڕاو، شێر و خه‌تی بۆ ئه‌وه هه‌ڵخست، که دوای داڕمانی ڕژیمی پاشایه‌تی و دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (له ئێران، ئه‌فغانستان، یان هه‌ر وڵاتێکی دی)، ده‌کارێ به‌ره‌یه‌ک له دژی قوتبی دژبه‌ری سه‌رمایه‌داری، واته یه‌کێتی سۆڤیه‌ت پێکبهێنێ، ئاکامی ئه‌و هاوکێشه‌یه، زۆر به پێچه‌وانه‌وه ده‌رچوو، به جۆرێک که له ئێستادا ده‌بینین، ئێران و ڕووسیه(یه‌کێتی سۆڤیه‌تی پێشوو)، ئه‌گه‌ریش سوێند به سه‌ری یه‌کدی نه‌خۆن، ئه‌وا به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش له به‌ره‌یه‌کی دژه ئه‌مریکیدا کۆی کردوونه‌ته‌وه و وێڕای بازرگانییه‌کی به‌رفراوان له بواری جۆراوجۆر له نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌دا، ته‌نانه‌ت له ده‌ستوه‌ردانیان له وڵاتانی ناوچه‌که، پێکه‌وه هه‌ماهه‌نگی و هاریکارییه‌کی برایانه‌یان هه‌یه!! هه‌ڵبه‌ت ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی ئه‌م دوو وڵاته ناکرێ په‌یوه‌ندییه‌کی ستراتیژی و دوورماوه بێ، له به‌ر ئه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیا و ئامانجی سه‌رکییان وه‌ک نییه و له ئێستادا ته‌نیا گرنگی به به‌رایی(ئه‌وله‌وییه‌ت)ه‌کانی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان ده‌ده‌ن.
کۆشکی سپی، هه‌ر دوای داگیرکردنی کونسولخانه‌ی وڵاته‌که‌ی له کاتی سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران و ده‌ستپێکی حوکمڕانی و ڕابه‌ڕایه‌تیی ئایه‌توڵا خومه‌ینی له ئێران‌دا، له‌وه تێگه‌یشت که چیدی هیچ پێگه‌یه‌کی له ئێران‌دا نابێ و ته‌نانه‌ت ئێران ده‌بێته مه‌ترسییه‌کی گه‌وره بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی له ناوچه‌که‌دا، بۆیه به درێژایی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان عێراق و ئێران (توێژه‌رانی به‌ناوبانگی سیاسیی جیهان، جه‌خت له‌وه ده‌که‌نه‌وه، له هه‌ڵگیرسانی ئه‌و شه‌ڕه‌دا ئه‌مریکا ده‌ستێکی باڵای هه‌بووه)، پاڵپشتێکی ته‌واو عه‌یاری ڕژیمی دڕنده‌ی به‌عسی عێراق(به سه‌رۆکایه‌تیی سه‌دام حوسێن) بوو، تا پێش داگیرکردنی کوه‌یت-یش له لایه‌ن عێراقه‌وه، ئه‌و پشتیوانییه به‌رده‌وام بوو.
ئه‌مریکای سه‌رده‌می سه‌رۆکایه‌تیی جۆرج ده‌بلیو بوش، حوکمڕانیی به‌غدای پشتیوانی تیرۆریستانی له تیرۆریستپه‌روه‌رانی تاران پێ مه‌ترسیدارتر بوو. جۆرج ده‌بلیو بوش له كتێبکیی خۆیدا به ناونیشانی “خاڵه‌كانی بڕیار” (که به‌شێکی وه‌ک نامه ئاراسته‌ی جۆرج بوش-ی باوکی کردووه)، هۆکاره‌کانی لێدان له هه‌یبه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی دیکتاتۆریی عێراق(سه‌دام حوسێن) له ژێر ناوی “شه‌ڕی دژی تیرۆر”دا ده‌خاته‌ڕوو. سه‌رۆکی ئه‌و کاتی ئه‌مریکا، کۆتایی به هه‌ر دوو رژیمی سه‌دام له عێراق و بنلادن له ئه‌فغانستان هێنا. عێراق به یه‌کجاری له کوت و به‌ند و دڕنده‌یی به‌عس ڕزگاری بوو. سه‌دام که کونه مشکی لێ ببوو به قه‌یسه‌ری، له حه‌شارگه‌یه‌کی بن عه‌رده‌وه بۆ به‌ر ده‌م حاکم ڕزگار-ی کورد له دادگه‌یه‌کی عێراقدا په‌لکێش کرا و دواتر باجی تاوانه‌کانی به سزای له‌سێداره‌دان وه‌رگرت.
بێگومان به بێ ده‌ستوه‌ردانی ئه‌مریکا له عێراق، ڕژیمی سه‌رکوتگه‌ر و دڕنده‌ی به‌عس هێزێک نه‌بوو، که به ئاسانی و به خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری بڕووخێ، بۆیه زۆر له چاودێرانی سیاسی، ئه‌مریکا به ڕزگارکه‌ری گه‌لانی عێراق له بن چنگی دیکتاتۆرێکی خوێنمژ و خوێن‌ڕێژ ده‌زانن، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی که وه‌ک هێزێکی داگیرکا‌ر سه‌یری ده‌که‌ن.
له سه‌رده‌می سه‌رۆکایه‌تیی باراک ئۆباما، حکومه‌تی زۆرینه‌ی شیعه له عێراقی به ناو فیدڕاڵ و خاوه‌ن یاسای بنه‌ڕه‌تیی وڵات (ده‌ستوور) دامه‌زرا، هێزه‌کانی سه‌ربازیی ئه‌مریکا له عێراق کشانه‌وه، گۆڕه‌پانه‌که به ته‌واوی بۆ ئێران چۆڵ کرا، به‌وه‌ش شه‌ڕی مه‌زهه‌بیی شیعه و سوننه که شه‌ڕێکی دێرینه و ڕابردوویه‌کی پتر له ده‌یان سه‌ده‌ی هه‌یه، له سه‌رده‌ستی حکومه‌تی نوێی عێراق و به فیتی ئێران ده‌ستی پێ کرده‌وه. حکومه‌تی زۆرینه‌ی شیعه له عێراقی به ناو فیدڕاڵ که بۆ زیاتر له چه‌ند ده‌یه له ژێر سته‌می به‌عسییه‌کاندا بوون،(ته‌نانه‌ت ئه‌نجامدانی ڕێوڕه‌سمه‌کانی مه‌زهه‌بییان وه‌ک “تاسووعا” و “عاشوورا” قه‌ده‌غه کرابوو)، به ئه‌قڵییه‌تی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و به بیانووی شه‌ڕی دژی تیرۆر، به‌ربوونه گیانی سوننه و سه‌رکرده‌کانیان و هه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته چه‌وت و هه‌ڵه‌یه وایکرد، ئه‌لقاعیده-ی عێراق له هه‌یکه‌لێکی گه‌وره‌تر و دڕنده‌تردا به ناوی دوڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام (داعش) خۆی ڕێک بخاته‌وه و پارێزگا و شار و ناوچه سوننه‌نشینه‌کانیش ئامێزیان بۆ بکه‌نه‌وه، ئاکامه‌که‌شی ئه‌وه بوو: مووسڵ وه‌ک دووه‌م شاری گه‌وره‌ی عێراق و چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیی پێشکه‌وتووی ئه‌مریکی له پێنج “فرقه”ی سوپای عێراق ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا و به‌وه‌ش تیرۆریستانی داعش له‌خۆباییانه تا نزیکی به‌غدا خاکیان داگیر کرد، په‌لاماری باشووری کوردستانیان دا و کاره‌ساتی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لێ که‌وته‌وه، که دواجار هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان و وڵاتپارێز به هاوکاریی هێزی ئاسمانیی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانی چۆکیان پێ دادان و کۆتای‌یان به ئه‌فسانه‌ی داعش هێنا. به‌ڵام حوکمڕانانی به‌غدا به فیتی کۆماری ئیسلامیی ئێران نه‌ک قوربانیدانه‌کانی کورد و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌یان نادیده گرت، ته‌نانه‌ت بودجه و مووچه‌ی هه‌رێمی کوردستانیان بڕی، که جگه له شه‌ڕی پڕ تێچووی ڕاماڵینی تیرۆریستانی داعش، نزیکه‌ی دوو ملوێن ئاواره‌ی شه‌ڕی سووریا و عێراقی داڵده دابوو. ژماره‌یه‌کی زۆری ئاواره‌کانیش عه‌ره‌ب و شیعه و سوننه و مه‌سیحیی عێراقی بوون، که تا ئێستاش کوردستان به ژینگه‌یه‌کی ئارام بۆ خۆیان ده‌زانن و ئاماده نین بۆ زێدی خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه..
پێشێلکارییه‌کانی ده‌ستووری عێراق و ئابڵوقه قورسه‌کانی سه‌ر هه‌ولێر له لایه‌ن به‌غداوه، بووه هۆکارێ ئه‌وه‌ی به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی (وه‌ک سه‌رۆکی ئه‌و کاتی هه‌رێمی کوردستان) به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌کانی کوردستان بۆ ئیراده‌ی گه‌ل بگه‌ڕێته‌وه و دره‌وشاوه‌ترن میدالیای سه‌روه‌ریی گه‌ل، له قاڵبی گه‌لپرسی (ڕیفراندۆم)دا له به‌رۆکی مێژووی گه‌له‌که‌ی بدا، به‌ڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران له سه‌ر ده‌ستی قاسم سوله‌یمانی و چه‌ند سه‌رکرده‌یه‌کی کاڵفام و خاکفرۆشی دانیشتووی سلێمانی، له‌دوای ته‌فروتوونابوونی داعشییه‌کان، د. حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌ببادی سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشووی عێراقیان ناچار کرد، پیلانی کۆتاییهێنان به حکومه‌تی خۆماڵی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و حوکمڕانیی کورد جێبه‌جێ بکا، له به‌ر چاوی سه‌رۆکی نوێی ئه‌مریکا (دۆناڵد ترامپ) و سه‌رۆک کۆماری کوردزمانی عێراق(د. فواد مه‌عسووم)دا، سوپای عێراق و میلیشیاکانی ده‌ستپه‌روه‌رده‌ی ئێران، که‌رکووک و ناوچه کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستانیان داگیر کرده‌وه، به‌ڵام جارێکی دی پێشمه‌رگه‌ی “ئه‌برامز”شکێن، وه‌ک هێزه فریادڕه‌سه‌که‌ی کورد و کوردستان، لووتی سوپای داگیرکه‌ر و که‌واسووره‌کانی به‌ر له‌شکریانی له پردێ و چه‌ند میحوه‌ری دیکه شکاند و شکۆی هه‌ولێری پایته‌ختیان پاراست.
به ده‌رکه‌وتنی به‌ڕێز دۆناڵد ترامپ وه‌ک سه‌رۆکی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، گڵۆڵه‌ی ئێران که‌وته لێژی و ئه‌مریکا له ڕێککه‌وتننامه‌ی ناوکیی وڵاتانی (5 +1) له‌گه‌ڵ ئێران کشایه‌وه و تا ئێستاش سزاکانی ئه‌مریکا له دژی ئابووریی ئێران به قورسی به‌رده‌وامه و سه‌رۆکی ئه‌مریکا دوای گۆڕانکاری له چه‌ند پۆستی وه‌زاری و ئه‌منی و ڕاوێژکاری، له ئێستادا هێزه‌کانی له سووریه کشاندووه‌ته‌وه و له عێراق جێگیری کردوون و پێده‌چێ پلانی وه‌ده‌رنانی ئێران له عێراق له به‌رایی (ئه‌وله‌وییه‌ت)ی به‌رنامه‌کانیدا بێ.
وه‌ک سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵ باسی ده‌که‌ن، ئه‌م پلانه‌ی ئه‌مریکا به تواندنه‌وه‌ی میلیشیاکانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ست پێ ده‌کا، که به سوپایه‌کی به‌رفه‌رمانی سوپای پاسدارانی ئێران ناسراون. ئێران له به‌رامبه‌ر ئه‌و پلانه‌دا ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بووه و هه‌موو هه‌وڵه‌کانی له‌وه‌دا چڕ کردووه‌ته‌وه که له رێگه‌ی مۆره‌کانیه‌وه وه‌ک فراکسیۆنى په‌رله‌مانی، ده‌نگ بۆ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له خاکی عێراق کۆ بکه‌نه‌وه. له لایه‌کی دیکه‌وه وەزیری دەرەوەی ئەمریكا (مایك پۆمپیۆ)، ترانزیتێکی دیپلۆماسی وه‌ڕێ خستووه و لە ڕێگەى سەردانە دیپلۆماتییەکانى بۆ چەندین وڵاتی ناوچه‌که هه‌وڵی دروستکردنی هاوپه‌یمانییه‌کی به‌هێز له دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌دا، گڵۆپی سه‌وزیشی بۆ ئیسڕائیل پێ کردووه، هه‌تا گورزی کوشنده له میلیشیاکانی ئێران له سووریه و ته‌نانه‌ت له عێراقیش بدا، میلیشیاکانی ئێرانیش به‌نیازن عێراق بکه‌نه سەرى ڕمی بەرگریکردن لە ئێران و بێگومان هاوکێشه‌کان و “ئه‌مری واقیع” وا مه‌زه‌نده‌ی ده‌کرێن که له کورت ماوه‌دا ئه‌وه یه‌کلا ده‌بێته‌وه که ئه‌مریکا و ئێران کامیان ده‌ستیان له عێراق کورت ده‌کرێته‌وه.
Posted on February 1, 2019, in Kurdish. Bookmark the permalink. Leave a comment.
Leave a comment
Comments 0