Blog Archives

دیمانه یه ك له گه ڵ عه تا زه رده شتی به‌رپرسی جڤاتی زه‌رده‌شتیانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان

دیمانه یه ك له گه ڵ عه تا زه رده شتی به‌رپرسی جڤاتی زه‌رده‌شتیانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان

 ئاماده‌ كردنی دیمانه : ئه‌مین خه‌واله – رۆژنامه‌وان و هه‌واڵنێر

٣٠ ی مانگى ٤ ی ساڵی ٢٠١٩ ی زایینى

Amin Khawaleh

ئه‌مین خه‌واله‌ رۆژنامه‌نووس و هه‌واڵنێر

عه‌تا زه‌رده‌شتی : بنەماکانی ئایینی زەردەشتی  له‌ سه‌ر سێ بناغەی سه‌ره‌كی : بیرۆكه‌ی چاک، وتەی چاک و کرداری چاک پێك هاتووه‌، لە بەڕێوه‌بردنی ئەم سێ بناغه‌یە زەردەشتیه‌کان یەکتاپەره‌ستن و یەکتاپەره‌ستی بنەمای سەرەکی ئەم ئایینەیە.

عه‌تا ره‌حیمزاده‌ ناسراو به‌ عه‌تا زه‌رده‌شتی له‌ ساڵی ١٩٧٥ زایینی له‌ شاری سه‌قزی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی نیشتمانپه‌روه‌ر و كوردپه‌روه‌ر له‌ دایك بووه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٩٨ زایینی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی به‌ جێهێشتووه‌ و بۆ پێشمه‌رگایه‌تی و خزمه‌ت به‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی رووی كردۆته‌ باشووری كوردستان و ماوه‌ی  ٢١ ساڵ پیشمه‌رگه‌ و ئەندامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بووه‌ و وه‌كوو ئه‌ركێكی نیشتمانی خزمه‌تی به‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه‌. دوای دامه‌زرانی ناوه‌ندی زه‌رده‌شتیانی كوردستان له‌ شاری سلێمانی بە‌ رێبه‌رایه‌تی كه‌سانێك وه‌كوو پیر لۆقمان و عەتا رحیمزادە په‌یوه‌ست ئه‌بێت به‌ ڕیزی زه‌رده‌شتیانی كوردستان و دێته‌ سه‌ر ئایینی باب و باپیرانی و دواتر له‌ ساڵی ٢٠١٥ زایینی ناوه‌ندی جڤاتی زه‌رده‌شتیانی رۆژهه‌ڵات پێك ئه‌هێنێت و به‌ هۆی جیاوازی بیركردنه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ ناوه‌ندی زه‌ردشتیانی كوردستان ئه‌و رێكخراوه‌ به‌ فه‌رمیی دائه‌مه‌زرێنێت و چالاكیه‌كانی وه‌كوو به‌رپرسی جڤاتی زه‌رده‌شتیانی رۆژهه‌ڵات ده‌س پێده‌كات و به‌رده‌وام ئه‌بێت.

 

پرسیاری ١-  وه‌كوو ده‌ست پێك كاك عه‌تا تكایه بفه‌رمووی هۆی پێك هێنانی ناوه‌ندی زه‌رده‌شتیانی كوردستان له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرت و به‌ ڕای جه‌نابتان چه‌ بۆشاییه‌ك بوو به‌ هۆی گه‌شه‌كردنی ناوه‌ندی زه‌رده‌شتیانی كوردستان ؟

 

عه‌تا ره‌حیمزاده‌

 وه‌ڵام :  لەسالی ٢٠١٣ دا کەسێک بە ناوی کاک لۆقمان  په‌یوه‌ندی پێوە گرتم  کە گوایە بابەتەکانی من ده‌بینێت و ده‌یانخوێنێتەوە و زۆری پێخۆشە کە پێکەوە کار بکه‌ین  ئەوە بوو دوای چه‌ند جار په‌یوه‌ندی گرتن  و تاوتوێکردنی ئایینی زەردەشتی باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ کوردستان لە جه‌وێكی خنكێنه‌ری تەواو بەسەر ده‌بات چی بکه‌ین  دروست کردنی ناونده‌ندێكی زەردەشتیان لە کوردستان خەتەرێکی گه‌ورە بوو بۆ ئێمە  چونكه‌  نەمانده‌زانی کە ئایا خەڵک پێشوازیمان لێ ده‌کات یان نا؟ دوای ١٤٠٠ ساڵ وروژاندنی ئاوه‌ها بابەتێک بوێری ده‌ویست  به‌ڵام لە هەمان کاتدا پێویست بوو کە ئەم ناوندە درووست بێت، بە لەبەر چاوگرتنی ئاینێکی هێنراوە کە بە تەواوی ده‌ستی بەسەر کولتورو فه‌رهه‌نگ و مێژووی ئەم گەلە دا گرتبوو و لە رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست بە تەواوی سەرلێشێواوی سیاسی و جۆغرافیایی وکولتوری لە مابه‌ینی هەموو میللەتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین بەتایبەتی کوردستان داناوە  بۆیە  بە پێویستمان زانی ئێمە وه‌کوو نه‌ته‌وه‌ی کورد راپەڕینێکی ئایینی و کولتووریمان هەبێت بۆ ئەوه‌ی چی دیكه‌ لاوانمان لە مێژوو و کولتور و ئایینی خۆیان دوور نەکەونەوە و فه‌رهه‌نگ سازیه‌کی کوردی لە کوردستان پێک بهێنین  ئەوە بوو بە تەواوی مه‌ترسیكانیەوە کە بە تایبەت ده‌مانزانی حیزبە ئیسلامیه‌کان دژمان ڕاده‌وستن ده‌ستمان بەم کارە کرد و بە به‌شداری  زۆربەی نوسەران و کورد په‌روەران لە هەر چوار پارچەی کوردستان یەکەم کۆنفرانسمان  لە شاری سلیمانی گرت  و دوابەدوای ئەو کۆنفرانسە ناوه‌ندی زەردەشتیانمان پێک هێنا.  وه‌ک به‌شداری هەر چوارپارچەی کوردستان  ئێمەش وه‌ک رۆژهەلاتی کوردستان  ئەنجومەنی زەردەشتیانی رۆژهەلاتمان پێک هێنا لەژێر ناوی ناوه‌ندی زەردەشتیانی کوردستان  لە ئاستی کارکردن دا و پیوه‌ندی ناوه‌ندی زەردەشتیان لە گەل ده‌وروبەری و وڵاتان  بوو بە هۆی ئەوی کە ئێمە نەتوانین هه‌ندێك پیوه‌ندی قەبووڵ بکه‌ین  بۆ نموونە پیوه‌ندی لەگەڵ ئێران و پیوه‌ندی لە گەڵ هه‌ندێك لایه‌ن کە دژی جووڵانەوه‌ی کورد کاریان کردووە هەوڵێكی زۆرمان دا کە ئەو جۆرە پێوه‌ندیانە بێ كه‌ڵكن و هیچ سوودێکی بۆ کورد نیە به‌لام بە داخەوە  گوێ بیستمان نەبوون.  ٢ مانگ لە دروست بوونی ناوه‌ندی زەردەشتیان تێدەپەڕی کە چه‌ند کەسێک کە خەڵکی سلێمانی بوون بە ڕه‌سمی ڕایانگه‌یاند له‌ ناوندەكه‌مان جیا بوونەوە هۆکاره‌كه‌یان  بۆ ئەوە گێڕایەوە کە شەفافیت لە کارکانی ناوه‌ند نیە وبڕیارەکان  یەک لایه‌نه‌یه‌ و  لە ڕاستی دا ناڕوونی و هەرکەس بۆخۆی و تێکەڵاوی بە حیزب و بە حیزبیکردنی ناوه‌ندی زەردەشتیان  مه‌شروعیه‌تی لای ئێمەی رۆژهەلاتی نەما و بڕیارمان دا وه‌ک رۆژهەلاتییه‌ك سەربەخۆ  کاربکه‌ین  و ئێستا وه‌ک ئەنجۆمەنی زەردەشتیانی کوردستانی ئێران  کار ده‌که‌ین و بە بڕوای من بەم جۆرە سەرکەوتنمان زیاترە.

 پرسیاری ٢ – بنه‌ماكانی ئایینی زه‌رده‌شت له‌ سه‌ر چیه‌ و جیاوازی ئایینی میترائیزم له‌ گه‌ڵ زه‌رده‌شت له‌ چی دا ئه‌بینن؟

 وه‌ڵام :  بنەماکانی ئایینی زەردەشتی  له‌ سه‌ر سێ بناغەی سه‌ره‌كی : بیرۆكه‌ی چاک، وتەی چاک و کرداری چاک پێك هاتووه‌، لە بەڕێوه‌بردنی ئەم سێ بناغه‌یە زەردەشتیه‌کان یەکتا پەرستن و یەکتاپەرستی بنەمای سەرەکی ئەم ئایینەیە. ئایینی میترایی و ئایینی خۆری دوو ئایینی بەهێز بوون لەم ناوچەیە واتە کوردستان کاریان کردوە. زەردەشت هات و کەڵکی لەم دوو ئایینە وەرگرت و لە سەرچاوە باشەکانیان  ئایینی مەزدایی و یەکتاپه‌رستی پێک هێنا، خۆریه‌کان یان خۆر په‌رستەکان خۆریان بە سەرچاوه‌ی بووژانەوی ژیان ده‌زانی بۆ نموونە کاتێک خۆر گه‌رمای خۆی ده‌نوێنێ هەموو گژو گیا لە خەوی زستانی هەڵده‌ستن و سرۆشت جوان ده‌کەن  لە هەمان کات دا میتراییه‌کان میترایان بە نوێنەری خۆر  دەزانی . زەردەشت هات ئاگری کرد  بە نوێنەری ئاهورامەزدا، زەردەشت هات بە جێگەی خۆر پرستی ئاهوورامه‌زدای بە خەڵک ناساند  کە ئاهوورامەزدا خۆی خوڵقێنەری خۆرە ومیترایشە. میتراییەکان میترایان بە نوێنەری مەخلوق و خۆر دزانی. زەردەشت ئەو ئەفسانە و خۆرافاتانه‌ی کە لەو دوو ئایینەدا بوو  لای برد و یەکتاپه‌ره‌ستی جێگر کرد. کە ئاهوورامەزدا خوڵقێنەری هەموو بوونەوەرەکان و سروشتە، ئایینی زەردەشتی تەواوکەری تەواوی ئایینە کوردیه‌کانە. لە فەلسەفەی ئایینی زەردەشتی ده‌بینین کە عەقڵ گەرایی و جەهان بینی و ڕاست بێژی قسەی یەکەم ده‌کات بۆیە ئەم ئایینە دوای ٣٧٥٧ ساڵ ئێستاكه‌یش ده‌توانین کەڵکی لێ وەربگرین بۆ کۆمەڵگا سازی و بەرەو پێش بردنی زانست و عیلم.

 پرسیاری  ٣ – وه‌كوو هه‌موو ئاگادارین زه‌رده‌شت له‌ ناوچه‌ی كوردنشینی میزۆپۆتامیا له‌ دایك بووه‌ و زمانی نووسینی ئه‌وێستاش هه‌ر زمانی كوردیه‌ به‌ڵام فارسه‌كان و پان ئێرانیسته‌كان ئه‌ڵێن زمانی نووسینی ئه‌وێستا زمانی په‌هله‌ویه‌ جه‌نابتان چۆن هه‌ڵسانگاندنی جیاوازیه‌كان ئه‌كه‌ن و ڕاتان له‌ سه‌ر بیر و بڕواكانی پان ئیرانیسته‌كان به‌ ڕیبه‌رایه‌تی كوڕی شای پێشووی ئێران چۆن ده‌رئه‌بڕن ؟

 وه‌ڵام : بەڵێ زۆر ڕاستە زەردەشت لە ناوچەی کوردستان لە ته‌ختی سوله‌یمان له‌ نێوان شاره‌كانی تیکاب و ورمێ  لەدایک بووە هیچ کەس ناتوانێت حاشا لە کورد بوونی زەردەشت بکات چون تەواوی به‌ڵگەنامه‌کان بە ئەوێستایشەوە دەرخەری ئەو ڕاستییه‌ن کە زەردەشت کوردە. لەو سەردەمانه‌دا  بابەتێک بەناوی نەتەوە وجوودی نەبووە، نەتەوە سازی یان دروست کردنی سنوور  زادەی سەدەی نۆزده‌هه‌مه‌ لە دایک بوونی دیموکراسی، کۆمۆنیستی، ناسیونالیستی، لێرەدا دەمەوێت  ئاماژە بەوە بکەم  کە زمانی  پاڵەیی  کە فارسەکان پێی دەڵین پەهلەوی هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی بە فارسەوە نیە و لە بنەڕەتەوە کوردیە ئەوە وشەی پاڵەییه‌ کە کردوویانه‌ بە پەهڵەوی بۆ  مەرامی سیاسی خۆیان لە هەمان کات دا عەرەبەکانیش بە پالەیی ده‌ڵێن فەیلی، ئاترۆپاتێن یانی ئاگر و پایتخت کە ئێستا تورکەکان پێی دەڵێن ئازەربایجان لێرەدا بۆمان دەردەکەویت کە دراوسێکانی دەوروبەرمان بە هۆی نەبوونی میژوویان هاتوون لە بابەتەکانی کورد کەڵکیان وەرگرتووە. ئێستا بۆ ئەوه‌ی جوان وردبینەوە کە ئێمەی کورد خاوه‌نی ئەو مێژووه‌ین من چه‌ند وشه‌یه‌ک دەخەمە بەر باس بۆ ئەوه‌ی بزانن هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی بە فارسەوە نیە : ئاگر، ئاور، ئایر، ئاتر. ئەم وشانە هەموویان یەک بنه‌ماڵه‌ن به‌ڵام بە زاراوە جیاوازه‌كانی کوردی. گاتاکان، وتەکان، گوتەکان. ئەمانه‌یش وشەی کوردین بە زاراوە جیاوازه‌کان. لێرەدا شتێک بەناوی گفتەکان نابینین تا بڵێین په‌یوه‌ندی بە فارسەوە هەیە بۆیە کتێبی گاتاکانی زەردەشت سه‌ڵمێنەری ئەوەیە کە کوردیە و زەردەشتیش کوردە. بە درێژایی مێژوو فارسەکان  کەڵکیان لە مێژووی کورد وەرگرتووە بۆ دەسەڵاتی خۆیان و تەواوی ئەو بابەتانه‌ی وه‌ک مێژوو ناوی دەبەن کە گوایە ئەوان خاوه‌نین دوورە لە ڕاستی، ئێمەی کورد قەوم نین  میللەتین، نه‌ته‌وه‌ین بۆیە مافی خۆمانە داوای مافی ڕەوای خۆمان بکه‌ین و نەمانهه‌وێت لە ژێر دەسه‌ڵاتی هیچ نەتەوه‌یه‌کی دیكه‌ دا ببین، بۆیە فارسەکان ده‌بێت ئەوە بزانن ئه‌گەر زمانی کوردیان لێ وه‌ربگیرێته‌وه‌ لاڵ دەبن، کوڕی شای ڕابردووی ئێران یان هەر کەسێکی دیكه ناتوانێت دژی مافی ئێمە بوه‌ستێتەوە یان  بیەوێت سەرۆکایەتی ئێمه‌ بکات، ئێستا ئەوان هاتوون بە ناوی زەردەشتیه‌ت بانگه‌واز بۆ خۆیان دەکەن، ئێمە دژی هیچ کەس نین به‌ڵام له‌ هه‌مان كات دا دژی ئەو کەسە یان ئه‌و کەسانه‌ین  ده‌یانەوێت بە ناوی زەردەشتیەتەوە ده‌سه‌ڵات بگرنە ده‌ست خۆیان چۆنكه‌ ئێمە باوه‌ڕمان بەوه‌یه‌ کە ئایین ده‌بێت لە سیاسەت جیاواز بێت.

Kurdistan Zoroastrianism revival in Kurdistan.jpg

 پرسیاری ٤ – له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ چالاكیه‌تان له‌ ناوه‌ندی زه‌رده‌شتیانی كوردستان هاتنه‌وه‌ سه‌ر ئایینی كۆنی زه‌رده‌شتی چۆن مه‌زه‌نده‌ ئه‌كه‌ن و به‌ ڕای ئێوه‌ چه‌نێك توانیوتانه‌ له‌ دڵی خه‌ڵكی كوردستان جێگای خۆتان بكه‌نه‌وه‌ ؟

 وه‌ڵام : من وه‌ک خۆم کاتێک هاتمە ناو ئەم پرۆژەوە باوه‌ڕم بەوە بوو کە میللەتێک هه‌تا نەبێتە خاوه‌نی  ئایین و کولتووری خۆی هیچ کات نە بە مافەکانی  ده‌گات نەك  ده‌بێتە دەولەت، بۆیە هەمیشە هەوڵم داوە وه‌ک تاکی خۆم ناسیۆنالیستێک بم. ته‌نها کار لە سەر کولتوور و ئایین وبابەتە کوردیەکان بکەم  بۆیە  ئەم رێگام هەڵبژارد،  لە سەرەتادا زۆر لە ژێر گوشار بووین لە لایه‌ن حیزبە ئیسلامییەکان، مەلاکان لە مزگەوت فتوای جۆراوجۆریان دەردەکرد تەنانەت  لە لایه‌ن توندڕەوانی سەلەفی هەڕەشەی کوشتنمان لێدەکرا  به‌ڵام بەسەر ئەو هەموو گۆشارو و سه‌ختیانه‌دا کۆڵمان نەدا بەردەوام بووین، داهاتێكی زۆر باشی بووە به‌ ڕاستی کوردستان بۆشاییه‌کی گەوره‌ی تێدا بوو  ئەویش ئایینی زەردەشتی بوو کە ئێمە دوای ١٤٠٠ ساڵ خنكاندنی زیندوومان کردەوە  ئێمە وه‌ک زەردەشتیانی رۆژهەڵات کاره‌کانمان کرد بە شێوازی ته‌شکیلاتی و توانیمان لە لوڕێستان، لەکستان، کرماشان، ئیلام  و سنە وپیرانشار و زۆربەی شارەکانی  رۆژهەڵاتی کوردستان نوینەرایه‌تی درووست بکه‌ین کە ئێستا لە هه‌موو  رۆژهەڵات ٢٤ نوێنەرایه‌تیمان هەیە    خەڵکێکی زۆر بەدەم بانگەوازەکانمانەوە هاتوون بە تایبەتی لاوان، بۆیە ده‌توانم بڵێم ئێمە لە تەواوی پارچەکانی دیكه‌ سەرکەوتووترین  و جه‌ماوه‌ری زیاتر هاتوونەتە ناو ریزه‌كانمانەوە و رۆژ له‌دوای رۆژ جه‌ماوه‌رێكی زیاتر په‌یوه‌ندیمان پێوە ده‌گرن و خۆمان چالاكیه‌كانمان بەسەرکەوتوو ده‌زانین.  به‌ڵگه‌م  بۆ سه‌ڵماندنی وته‌کانم ئەوەیە كه‌ زەردەشتیانی باشوری کوردستان لە کوردستانێکی ئازاد کاردەکەن و بۆدجە و داهاتی تایبەت به‌ خۆیان هەیە به‌ڵام  ئێمە هیچ بۆدجه‌یه‌كمان نیە و هیچ حکوومەتێک پاڵپشتیمان ناکات  هێشتا  بەو ئیمکاناتەی زەردەشتیانی باشوور هەیانە بەقەده‌ر ئێمە سەرکەوتوو نین،  ئەوە سه‌ڵمێنەری ئەویە کە خەڵکی رۆژهەڵات زیندوون و بیریان كراوه‌تره‌ بۆیە من شانازی بە تەواوی رۆژهەڵاتەوە دەکەم کە هەردەم پشتیوانی پاڵپشتی زانست و پێشکەوتن دەکەن، ئەنجومەنەکەمان ئاوارەیە  به‌ڵام بە هۆی  سەردەمیانە بیرکردنەوه‌ی خەڵکی رۆژهەڵات سەرکەوتووە و من وه‌ك خۆم داهاتوویه‌کی گه‌ش ده‌بینم بۆ رۆژهەڵات.

 پرسیاری  ٥ – له‌ كۆتایی دا بفه‌رموون بۆچی له‌ ناوه‌ندی زه‌رده‌شتیانی كوردستان جیابوونه‌وه‌ و هۆكاره‌كانی چی بوون ؟ وهه‌روه‌ها ئاگادار بووین كه‌ له‌م دواییانه‌ دا ناوی ناوه‌نده‌كه‌تان گۆڕی بۆ ناوه‌ندی زه‌رده‌شتیانی كوردستانی ئێران بۆچوونتان له‌ سه‌ر ئه‌و گوڕینی نێوه‌ڕۆكه‌ چیه‌ و هۆكاری له‌ چی دا ئه‌بینن ؟

 وه‌ڵام : هەروەها کە لە یەکەم پرسیار باسی هه‌ندێك بابەتی سەرەتایی وه‌ك دروست بوونی ناوه‌ندی زەردەشتیانی کوردستانم کرد  لە گەل دامەرزاندنی ناوه‌ندی زەردەشتیان بڕیار وا بوو کە هەر چوارپارچەی کوردستان نوێنه‌ری خۆیان هەبێت لە ناوندی زەردەشتیان. ١- هەر  پارچه‌یه‌کی کوردستان نوێنەری خۆی کارەکانی ئەو به‌شە بکات. ٢- ناوه‌ندی زەردەشتیانی کوردستان  نابێت تێکەڵ بە حیزبایەتی بکرێت. ٣- په‌یوه‌ندیه‌کان دبێت ئاشكرایی تێدا بێت.  ٤-  په‌یوه‌ندیه‌کانی دەرەوە و ناوخۆ  ده‌بێت ئەنجۆمەنی باڵا کە پێکهاتەی هەر چوار پارچەی کوردستانە بڕیاری لەسەر بدات ئەم خاڵانە و زۆر خاڵی دیكه‌ش کەوتنە بەر باس و قەبووڵ کران دوای ماوه‌یەک کار کردن لە نیوان باشووریه‌کان ناکۆکی دروست بوو وچه‌ند کەسێکیان لێ جیابوەوە و چوونە ڕیزی ڕێكخراوێکی نوێ بە ناوی یه‌سنا  به‌ڵام چونكه حیزبایەتیان تێکەڵ کردبوو هەموو رۆژێک ناکۆکی دەکەوتە نێوانیان،  هەر چه‌ند ئێمە وه‌ک رۆژهەڵاتیه‌كان چه‌ندجارێک که‌وتینە نێوانیانه‌وە و قسەمان لە گەڵ کردن کە بڕیاری سه‌ره‌كی ئێمە ئەوە بوو كه‌ ناوه‌ند تێکەڵاو بە حیزبایەتی نەکرێت به‌ڵام بەداخەوە ئه‌وان گویێان نەدا و دوای ماوه‌ی ساڵێک ناوه‌نده‌كه‌یان پێک هاتبوو لە سێ حیزبی گۆڕان،  یەکیه‌تی و پەکەکە. لە ڕاستی دا لەوە خراپتر ئەوە بوو روژهەڵاتیه‌کان کە ده‌هاتن بۆ باشووری كوردستان و سەردانی ناوه‌ندیان دەکرد دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان ئاگادار ده‌كراینه‌وە لەگەڵ رۆیشتنەوەیان بۆ رۆژهەلات ناوه‌ندی ئه‌منییه‌تی ئیتلاعات بانگی دەکردن  بۆیە ئەنجومەنی زەردەشتیانی رۆژهەلات بریاری دا کە چی دیكه‌ لە ژێر ناوی ناوه‌ندی زەردەشتیانی کوردستان  چالاكی نەکات و سەربەخۆیی خۆی ڕاگه‌یاند، لە ڕاستی دا ئێمە ئەو ناوه‌ندە  بە ناوه‌ندی چوارپارچه‌ی کوردستان نازانین و ڕه‌وایی نیە لای ئیمە بگرە لە رێگەی زەردەشتیت لایان داوە بۆ بەرژەوەندی تاکه‌كه‌سی یان حیزبێک کار دەکەن. گۆڕانكاری ناوی ئەنجۆمەنی زەردەشتیانی رۆژهەڵات بۆ ئەنجۆمەنی زەردەشتیانی کوردستانی ئێران، ئەوە بوو کە لە ئێستادا ئێمە وه‌ک زەردەشتیانی رۆژهەڵات پێویستمان بە کاری دیپلۆماسی و خۆ نزیک کردنەوە لە زەردەشتیانی جیهانە بۆیە  ئەگەر زەردەشتیانی رۆژهەلات خۆمان بناسێنین  نامانناسن چۆنكه دولەتێکی کوردستان له‌ ئێستادا بوونی نیە هه‌تا بزانن رۆژهەڵاتەکه‌ی کوێیە، بۆیە بۆ کاروباری رێكخراوه‌یی ئەو ناوەمان هەڵبژارد بە تێکڕای ده‌نگی ئەنجۆمەنه‌كه‌مان و پێمان وایە بەو ناوه‌وە سەرکەووتووتر ده‌بین، کاتێک ده‌بینین لە باشور هیچ حسابێک بۆ رۆژهەڵات ناکرێت تەنانەت لە بوودجەی دیاریکراویش لە لایه‌ن حکوومەتەوە ده‌بینین سێ حیزب داگیری کردووە  کاتێک ده‌بینین کاره‌کانی دەرەوی وڵاتیان بۆ باشوری کوردستانە لێرەدا ناوی ئەنجۆمەنی زەردەشتیان به‌ ته‌نیا خزمەت به‌ چه‌ند کەسێك لە باشوور ده‌کات بۆیە ناوی ئه‌نجۆمه‌نەکەمان گۆڕی کە ئەوان ئیتر نەتوانن بەناوی ئێمەوە کاربکەن.

ده قى ئه م نوستراوه ده توانن به فۆرمه تى پى دى اف له لینكى خۆاره وه دابه زێنن:

An Interview with Aatta Rahimzadeh_Zoroastrianism revival in Kurdistan

%d bloggers like this: